ئەمەریکا پاکێجێکی دیکەی هاوکاریی سەربازی ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە بەهای نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار، پاکێجێکی دیکەی هاوکاریی سەربازی ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئیدارەی بایدن دەیەوێت بە بەهای 680 ملیۆن دۆلار، بە هەزاران بۆمب و تەقەمەنی بە ئیسرائیل بفرۆشێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بە دەستپێشخەریی ئەمەریکا و فەرەنسا، لوبنان و ئیسرائیل ڕێککەوتوون و بۆ ماوەی 60 رۆژ ئاگربەست راگەیەنراوە.
ئەمەریکا بەردەوام پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە، بە جۆرێک لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 10 هەزار بۆمب و هەزاران مووشەکی هێڵفایەری ڕەوانەی ئیسرائیل کردووە.