‌هۆشدارییه‌كی توند بە عێراق دەدرێت

گرووپە چەکدارەکانی عێراق
گرووپە چەکدارەکانی عێراق

په‌یمانگه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی له‌راپۆرتێكدا جگه‌ له‌هۆشدارییه‌كی توندی بۆ عێراق لە نزیکی ڕاكێشانی بۆ ناو گه‌رده‌لوولی ناوچه‌كه‌، هاوكات خراپترین سیناریۆش بۆ ئاینده‌ی عێراق له‌و نائارامییه‌ی ناوچه‌كه‌دا به‌رپابووه‌ ده‌خاته‌ڕوو، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، دیپلۆماتکارە ئەمه‌ریکییەکان لەبری فشار خستنه‌ سەر ئیسرائیل، هه‌وڵی ڕازیکردنی بەغدا ده‌ده‌ن له‌ دژی میلیشیاکان جووڵه‌ بكات، هاوكات بەرپرسانی عێراقیان ئاگادارکردۆتەوە، ماندووبوون له‌ به‌كارهێنانی ئامرازەکانی فشار لەسەر ئیسرائیل تاكو هێرشی سەربازیی نه‌كاته‌ سه‌ر گروپە عێراقییەکان.

په‌یمانگه‌ی سۆفانی ئه‌مه‌ریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووه‌، ئەمه‌ریکا هەوڵدەدات خۆی لەو شتە بەدوور بگرێت کە بە خراپترین سیناریۆ ناوی بردووە، کە به‌هۆیه‌وه‌ عێراق ڕاکێشێتە ناو چه‌قی زریانی ناوچەکەوه‌، کە به‌هۆیه‌وه‌ هاوپەیمانەکانی واشنتۆن، عێراق و ئیسرائیل، دەخاتە ناو ململانێی راستەوخۆوە،به‌جۆرێك بەرپرسانی ئەمه‌ریکی، چ لە ئیدارەی جۆ بایدن، یان ئەوانەی لە ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ وەردەگرن، ڕووبەڕووی ئەگەری خراپترین سیناریۆ بوونەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی گرژیی دوو هاوپەیمانی گەورەی ئەمه‌ریکایه‌ لە ناوچەکە كه‌ ئەوانیش ئیسرائیل و عێراقن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ره‌نگه‌ حکوومەتی عێراق بێ توانابێت له‌وه‌ی جڵه‌وگیری گروپە چەکداره‌كانی نزیك له‌ ئێران بكات و بیانخاته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، تاكو عێراق لەو شەڕەی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه تێوه‌نه‌گلێت‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی په‌یمانگه‌ی سۆفاندا هاتووه‌، ئیسرائیل هه‌ستی به‌ مه‌ترسی گروپە چەکدارەكانی عێراق كردووه‌ کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، به‌جۆرێك لە سێ مانگی رابردوودا زیاد له‌ 88 هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر خاكی ئیسرائیل.

ئێستا ترسی ناوچەکە له‌وه‌دایه‌، گروپە چەکدارە عێراقییەکان زیاتر بچنه‌ ناو شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانه‌وه‌، كه‌ ڕەنگە تاران بەنیازی ئەوە بێت هاوپەیمانە عێراقییەکانی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل به‌كاربێنێت.

بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسرائیل‌ له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان، لایه‌نی عێراقی و ئه‌مه‌ریكیشی نیگه‌رانكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ خراپترین سیناریۆدا نایه‌وێ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ناوچه‌كه‌ له‌دژی یه‌كتر بجه‌نگن، كه‌ دواجار ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ خزمه‌تی تاران و گروپه‌كانی موقاوه‌مه‌دا ده‌بێت.

راپۆرته‌كه‌ روونیكردۆته‌وه‌، بەرپرسانی ئەمه‌ریکی پێیانوابووه‌، شکستهێنانی ئەمه‌ریکا لە ڕێگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی عێراق، دەبێتە هۆی تێکدانی دانوستان و ڕێککەوتنێکی هاوکاریی بەرگریی دووقۆڵی بۆ مانه‌وه‌ی دوو هەزار سەربازی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق.

دووپاتیشكراوه‌ته‌وه‌، سەرەڕای ئەمەش، دیپلۆماتکارە ئەمه‌ریکییەکان سەرنجیان لەسەر رازیکردنی بەغدایه‌ بۆ جڵه‌وگیركردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هاوكات بەرپرسانی عێراقیان ئاگادارکردۆتەوە له‌وه‌ی ماندووبوون و هێنده‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ئیسرائیل تاكو هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر گروپە عێراقییەکان، هه‌روه‌ها هۆشداریشدراوه‌ ئەگەر میلیشیاكانی عێراق لە هێرشەکانیان به‌رده‌وام بن، رەنگە ئیسرائیل له‌نزیكترین كاتتدا هێرشیان بكاته‌ سه‌ر و به‌ ئامانجیان بگرێت.