فەلاح حەسەن: وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هیوای خواست قەڵای هەولێر ببێ بە شوێنێکی سەرنج ڕاکێش

فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر و ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا
فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر و ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا

فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر ئاشکرای دەکات، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانی کردنی بۆ قەڵای هەولێر، سەرسامی خۆی بە بووژانەوەی بەردەوامی قەڵای مێژووی هەولێر کردووە کە دوای 6 هەزار ساڵ هێشتا ژیان تێیدا بەردەوامە و زیندووە.

پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی قەڵای هەولێری کرد و لەلایەن فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر پێشوازیی لێکرا و بەشەکانی قەڵای مێژووی هەولێریی پێ ئاشنا کرا، هەر لەسەر قەڵاشەوە سەیری ناو بازاڕ و جوانیی هەولێریی کرد لە بەرزییەوە.

فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای قەڵای هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەرسام بوو بە قەڵای مێژووی هەولێر کە دوای 6 هەزار ساڵ هێشتا ژیان تێیدا بەردەوامە، دەشڵێت: کووپەر ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکانی بووژانەوەی قەڵای هەولێر کە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت، ببێتە هۆی ئەوەی سەرنجی هەمووان بەلای قەڵاکە کێش بکات و ببێتە شوێنێکی سەرنج ڕاکێش.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر دەڵێت: بە وەزیری ناوخۆی بەریتانیامان ڕاگەیاند کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوە و بووژانەوەی قەڵای هەولێر، لە پلان دا هەیە کە هۆتێل و ڕێستورانت و چایخانە لەسەر قەڵات دروست بکرێت.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سەردانی گەرماوی قەڵای کرد و سەرسامی خۆی بە تەلارسازیی گەرماوەکە و ئۆفیسی کۆمیسیۆنیش نیشاندا کە بەلای ئەو زۆر سەرنج ڕاکێشن و بە سەیرکردنیان چێژ دەبەخشن.