هێڵی ئاسمانی ئوردن گەشتەکانی بۆ لوبنان دەست پێ دەکاتەوە

فڕۆکەیەکی ئوردنی
فڕۆکەیەکی ئوردنی

كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئوردنی گه‌شته ئاسمانییه‌‌كانی بۆ لوبنان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌؛ هاوكات دوو كۆمپانیای دیكه‌ش هه‌نگاوه‌كانیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ گرته‌به‌ر.

پێنجشه‌ممه‌، 28ـی تشرینی دووه‌می 2024، كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئوردنی ڕایگه‌یاند، گه‌شته‌كانی بۆ به‌یرووتی پایه‌ته‌ختی لوبنان له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.

كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئوردنی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، گه‌شته‌كان ڕۆژانه‌ دوو جار ده‌بن له‌ نێوان عه‌ممان و به‌یرووت.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی هێڵی ئاسمانی ئوردن بۆ لوبنان، دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دێت كه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ به‌هۆی شه‌ڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵاوه‌ سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی ئوردن بۆ لوبنان وه‌ستابوون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، چوارشه‌ممه‌، 27ـی تشرینی دووه‌می 2024، هه‌ر یه‌ك له‌ كۆمپانیاكانی "ئێر فرانس" و ترانسافیا"، نیازی خۆیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانیان بۆ به‌یرووت نیشان دا كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م گه‌شتیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌ دوای 29ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌.