دایک و منداڵێکی کورد لە دەریای ئیجەدا خنکان
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت؛ بەلەمێکی کۆچبەران بە 32 سەرنشینەوە لە دەریای ئیجەدا نقووم بوو، ژن و منداڵێکی کورد لەو ڕووداوەدا خنکان.
لە دورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو کە خێزانێکی کوردی تێدابوو،بەپێی زانیاریەکان خێزانە کوردەکە پیاوێک و خێزانەکەی و منداڵێکی تەمەن کەمتر لە 4 مانگین، دایکەکە ناوی نایلە مستەفا ئەحمەدە و خەڵکی سنوری ئیدارەی راپەرینن، لەڕووداوەکە باوکەکە دەربازی بووە و دایک و منداڵەکە خنکاون.
پێشرەو عەبدوڵا نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: لە باکووری دوورگەی سامۆسی دەریای ئیجە، بەلەمێک بە 32 سەرنشینەوە تێکشکا و دوو ژن و دوو منداڵ خنکان، لەو دوو ژن و دوو منداڵە، ژن و منداڵێک خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوکارمان بن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو تەرمەی هەرێمی کوردستان.