سیپان شێروانی: بەرپرسانی بەغدا پابەندی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نابن

جەمال کۆچەر: میلیشیاكان له‌ به‌غدا ده‌سه‌ڵاتدارن و كورد به‌شێك نییه‌ له‌و كێشه‌یه‌ی له‌وێ هه‌یه‌

سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی داریی پەرلەمانی عێراق
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی داریی پەرلەمانی عێراق

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هەندێک لایەن لە عێراق کورد بە هاووڵاتی عێراقی نازانن، هەروەها 10 ساڵە عێراق چەندین کێشەی جۆراوجۆری بۆ داهاتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. لای خۆیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گوتی: بەهۆی ڕەفتاری هەندێک میلیشا ئەمەریکا نەختینە بە تەواویی بۆ عێراق دابین ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پابەندنەبوونی وەزیری دارایی عێراق بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی کرد.

لە دەستپێکدا سیپان شێروانی، ڕایگەیاند: کێشەی مووچە سیاسییە و دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵییەتە شۆڤینییەی کە تا ئێستا لە عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە، 10 ساڵە عێراق چەندین کێشەی جۆراوجۆری بۆ داهاتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

باسی لەوە کرد، ئەو عەقڵییەتەی کە لە عێراق هەیە، هەرێمی کوردستان بە هاووڵاتیی عێراق نابینن، هەروەها هێشتا کەسانێک لە وڵاتەکە هەن باوەڕیان بە عێراقی نوێ نییە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: هەر داواکارییەکی حکوومەتی عێرق جێبەجێ بکەین، ئەوان داواکاری دیکە زیاد دەکەن و بە هیچ ڕازی نینە هەر جارە و بە بیانووێک مووچەی هەرێمی کوردستان دوا دەخەن.

لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، سیپان شێروانی، گوتی: بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت نابێت بەربەستی ئینفاقی فعلی لەسەر دابنرێت، بەڵام وەزیری دارایی عێراق پابەند نابێت.

لای خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گوتی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵی باسمان لەوە کرد، ئایا دەکرێت مووچەی ناسریە و ئەنبار دوا بکەوێت بۆ تەنیا هی هەرێمی کوردستان دوا دەکەوێت!.

ئاماژەی بەوە دا، بەڕاستی بەستنەوەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئینفاقی فیعلی زووڵمێکی گەورەیە لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

جەختی لەوە کردەوە، دەبێت بڕیاری دادگەی فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، هەروەها وەزیری دارایی عێراق دایانبوو بۆ هەر سێ مانگەکەی کۆتاییی تەنیا 760 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی دادگەکە بڕیار درا، بۆ هەر سێ مانگەکە سێ 760 ملیار دیناری بنێرێت.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: میلیشیاكان له‌ به‌غدا ده‌سه‌ڵاتدارن و كورد به‌شێك نییه‌ له‌و كیشه‌یه‌ی له‌وێ هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردووه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كرێت. 

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکیشا، بەهۆی ڕەفتاری هەندێک میلیشا ئەمەریکا نەختینە بە تەواوی بۆ عێراق دابین ناکات.