ئیسرائیل هەڕەشە لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات

حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە و دەیەوێت پەیامی ئیسرائیل بگەیەنێتە لایەنەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ئەگەر لە هێرشەکانیان بەردەوام بن ئەوا بنکە و بارەگانیان لەنێو خاکی عێراق دەکرێتە ئامانج.

ئیسرائیل 6 گرووپی بەرەی مقاوەمەی دیاریکردووە کە دەیەویت هێرشیان بکاتە سەر و دەڵێت: "ئەم گرووپانە لە عێراقەوە و بەڕێگەی درۆن هێرشیان کردوەتەوە سەر ئیسرائیل".

لای خۆیەوە حکوومەتی عێراق بەفەرمی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرانی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، تاکو ناوەڕۆکی نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی ئیسرائیلیان پێ بگەیەنێت، کە تایبەتە بە هێرشکردنە سەر عێراق، تێیدا داواشیان لێ بکات کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل لەنێو خاکی عێراقەوە ڕابگرن، ئەگەر نا ئیسرائیل ژمارەیەک بنکە و بارەگای ئەو گرووپانە دەکاتە ئامانج 

عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردەی حەشدی شەعبی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناکۆکی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە ئەوەیە کە عێراق هاوسۆزە لەگەڵ دۆزی فەڵەستین و هێرشەکانی ئیسرائیلیشی ڕەتکردوەتەوە، لەسەر حکوومەتی سوودانی پێویستە دۆخەکە بەرەو ئارامی بەرێت و سەروەری عێراق بپارێزێت.

لەدوای ئاگربەستی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل لە لوبنان، حزبوڵلای عێراقی وەکو یەکەم گرووپی بەرەی مقاوەمە ڕایگەیاند کە ئەوان پابەندی ئاگربەست نابن و لە هێرشەکردنە سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن، ئەو گرووپانەی بەرەی مقاوە کە ئیسرائیل بەنیازە هێرش بکاتە سەریان پێکدێن لە کەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا، سەید لشوهەدا، ئەنسارووڵلا، عەسائیبی ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر. 

بۆ دورخستنەوەی مەترسی هێرشەکانیش لەسەر هاووڵاتییان، موقتەدا سەدر، فەرمانی کردووە لەماوەی 40 ڕۆژدا بارەگای گرووپی سەرایا سەلام لەنێو شارەکاندا چۆڵ بکرێن. 

لای خۆیەوە مەهدی تەقێ. سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر گوتی: "سەرکردەکانمان دژی داعش شەڕیان کردووە و عێراقیان رزگارکرد، بۆیە ئێستا لەم رێگە لانادەین و بەردەوام دەبین دژی هەموو داگیرکەرێک تاوەکو شەهید دەبین، هەموو گروپەکانی بەرەی مقاوەمە لە وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستیان یەکە و بەدڵنییایشەوە وەڵامی خۆمان دەبێت".

ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە ئیسرائیل نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە و ڕایگەیاندووە بەگوێرەی ماددەی 51 نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل مافی خۆیەتی هێرشبکاتە سەر ئەو وڵاتانەی مەترسیان لەسەری دروستکردووە و حکوومەتی عێراقیشی لەو هەرەشانە ئاگادارکردوەتەوە.