له‌مساڵدا زیاتر له‌ 180 شه‌ڕ و پێكدادانی عه‌شایه‌ری له‌ میسان تۆمار كراون

شه‌ڕ و پێكدادانی عه‌شایه‌ری له‌ میسان
شه‌ڕ و پێكدادانی عه‌شایه‌ری له‌ میسان

دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی میسان ئاشكرای كردووه‌، له‌ ده‌ مانگی ڕابردووی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 180 جار شه‌ڕ و پێكدادانی خێڵه‌كی له‌ پارێزگای میسان تۆمار كراون، هه‌روه‌ها گشت هه‌وڵه‌ دادوه‌ری و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان بۆ بنبڕكردنی ناكۆكییه‌كان و سنوورداركردنیان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ.

دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی میسان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری له‌ناو هۆزه‌ خێڵه‌كییه‌كاندا به‌رز بكه‌نه‌وه ‌و كۆتایی به‌و ناكۆكییانه‌ بهێنرێن كه‌ ساڵانێكه‌ له‌نێوانیاندا ڕووده‌داته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك جار چه‌كی قورس و مامناوه‌ند له‌ دژی یه‌كتری به‌كار ده‌هێنن و به‌هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكێكی بێتاوان ده‌بنه‌ قوربانی.

محه‌ممه‌د حه‌یده‌ر حوسێن، سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی میسان له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتوویه‌تی: سەرەڕای بەردەوامیی ململانێی عەشایەری لە پارێزگای میسان و قەزا و دەوروبەری، هەوڵی زۆری دادوه‌ری و ئەمنیی هەیە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ململانێ خێڵەکییەکاندا بەرپرسن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتەبەر دوای کۆکردنەوەی هەموو بەڵگەکان، ڕەوانەی دادگا دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا دادگایی بكرێن.