یەحیا ڕەسووڵ: سنوورەکانی عێراق – سووریا توندوتۆڵ کراون

یەحیا ڕەسووڵ: هەر تیرۆریستێک هەوڵی بەزاندنی سنووری عێراق بدات، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە

هێزەکانی عێراق لە سنووری سووریا
هێزەکانی عێراق لە سنووری سووریا

گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ: سنووری سووریا بە باشی و تۆکمەیی پارێزراوە و هەر تیرۆریستێکیش هەوڵی بەزاندنی سنووری عێراق بدات ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.

یەحیا ڕەسووڵ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق کردووە و دەڵێ:" پاراستنی تەواوی سنووری عێراق ئەولەویاتی ئێمەیە و بە تایبەتیش سنوورەکانمان لەگەڵ سووریای لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیی سووریاوە توند و پتەوکراوە، سەنگەرەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە چەکی پێشکەوتوو پڕ چەک کراون و لە ئاسمانیشەوە بە درۆن چاودێری سنوورەکە دەکرێت".

هەروەها ئاماژەیداوە لە پشتی هێزەکانی پاسەوانی سنوورییەکانەوە، هێزەکانی سوپای عێراقی هەن بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە و بەردەوامیش ئۆپەراسیۆنی چاودێری هەیە و سنوورەکان بە وردی پارێزراو و پتەوکراون.

بە گوتەی یەحیا ڕەسووڵ، جیا لەوەی دەمێکە سنوورەکان بە کامێرای پێشکەوتوو تەندراون، بەڵام دەزگا هەواڵگریی چاودێرییەکی وردی جموجووڵی تیرۆریستان دەکات، ئەگەر هەوڵی هێرشکردن یان دزەکردنە نێو خاکی عێراق بدەن، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و بەهێز دەبنەوە.

هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن و ڕاشیگەیاندووە، ئۆپراسیۆنە جۆرییەکان و پێشوەختەکان لە ناوچە جیاوازەکان بۆ سەر حەشارگەی تیرۆریستان بەردەوام دەبن و دوایین ئۆپراسیۆنیش لە ناوچەی وادی حۆران بوو کە شەش حەشارگەی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش وێران کران.