سەرچاوەیەک: ڕووسیا چەند کاتژمێرکی دیکە لەسەر دۆخی حەلەب هەڵوێستی دەبێت
سەرچاوەیەکی سووریا بە کەناڵی سکای نیوز عەرەبییەی ڕاگەیاندووە، چەند کاتژمێرێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا جوڵە دەکەن بە مەبەستی گۆڕینی ڕێڕەوی شەڕ لە باکووری سووریا.
ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی سووریا بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی پشڕاستی کردەوە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوو، ڕووسیا بە فەرمی دێتە سەر هێڵ و فڕۆکە جەنگییەکانی جووڵە پێ دەکات بۆ مەبەستی گۆڕینی ڕێڕەوی شەڕ لە حەلەب.
هەر ئەمڕۆ دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن، لەمیانەی لێدوانێکدا، ئاماژەی بەوە دا، مۆسکۆ ئەو هێرشەی کە کراوە بە پێشێلکردنی سەروەریی سووریا دەزانێت و دەیەوێت دەسەڵاتداران بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکەنەوە.
ڕووسیا لە ڕووی سەربازییەوە شانبەشانی هێزەکانی سووریا لە شەڕی دژ بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2015 دەستوەردانی سەربازیی کردووە، هەروەها بنکەیەکی ئاسمانی و دامەزراوەیەکی دەریایی لە سووریا هەیە.
ڕۆژی چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، گرووپە چەکدارەکان هێرشێکیان دەست پێکرد، لەو ماوەیەدا 12 شارۆچکە و گوندی پارێزگای حەلەبیان لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا داگیر کرد.
سوپا و سەرچاوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ڕایانگەیاندووە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا و سووریا ڕۆژی پێنجشەممە، بۆردومانی ناوچەیەکی کۆنترۆڵکراو لە لایەن گرووپە چەکدارەکان لە نزیک سنووری تورکیایان کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە چەکدارییە.