عێراق.. 14 بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران
لە سێ پارێزگای عێراق 14 بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران و دەسەڵاتی دادوەریی لێکۆڵینەوەی لەگەڵیاندا دەست پێکردووە.
ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە پارێزگاکانی بەغدا، موسەننا و کەربەلا 14 بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، توانرا شوێنی تاوانباران دەست نیشان بکرێن و دەستگیر بکرێن.
هاوکات باسی لەوە کردووە، تاوانباران ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆریان پێ بووە و هەروەها هەندێک چەکی سوکیشیان پێ بووە، کە سەرجەمیان دەستیان بەسەردا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشیی عێراق، دەڵێت: ئێستا ڕێوشوێنی یاسایی دژی تاوانباران گیراونەتەبەر و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەریی کراون.