ساموێل وۆربێرگ بۆ کوردستان24: ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی سووریاوە نییە

ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمەریکا لە پشتی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریایە، دوورن لە ڕاستی و بێ مانان.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، تایبەت بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریاوە نییە و ئەو دەنگۆیانەی باس لـەوە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و بێ مانان.

ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات کە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا قسەی کرد و چالاکبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پلانێکی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیلی ناوبرد.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و گرووپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشێكی به‌رفراوانیان بۆ سه‌ر باكووری ڕۆژئاوای سووریا به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ر حه‌له‌ب له‌ دژی سوپای حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ست پێ كردووه‌.

ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕوونی كرده‌وه‌‌، پێكدادانه‌كانی نێوان گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئۆپه‌راسیۆنی "وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دوژمنكاری" و سوپای حكوومه‌تی سووریا، زیانی گیانی و ماددی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا‌، له‌ میانی ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانانه‌دا كه‌ له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 27ـی تشرینی دووه‌می 2024ـوه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، 242 كه‌س كوژران.