لە سبەینێوە 77 پرسیارەکە لە هاووڵاتییان دەکرێت
لە هەر خێزانێک پێویستە کەسێکیان بگەڕێتەوە سنووری 140 بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان
سبەی شەممە قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دەست پێدەکات و 77 پرسیارەکە لە هاووڵاتییان دەکرێت و داواش لە هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت لە هەر خێزانێک، پێویستە کەسێک بچێتەوە زێدی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی سەرپەرشتیی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 نێردراوە، تێیدا هاتووە " ئەم پرۆسەیە بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و بژمێرەکانمان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سەردانی گشت خێزانەکان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەکان بۆ ئەو 77 پرسیارەی لە بارەی دیموگرافی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، تەندروستی، کار و بێکاری، نیشتەجێبوون و کۆچ، هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، زانیاری کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراک و ڕۆژی لەدایکبوون دەکرێت.
هەر لە پرسیارەکاندا ژمارەی مردووان لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستیەکانی ناو ماڵ پرسیار لە تەواوی خێزانەکان دەکرێت، جا شارنشین بن یاخود گوند نشین.
لیژنەی سەرپەرشتی گشتیی دانیشتووان لە پێناو سەر خستنی دوا قۆناغی پرۆسەکە داوا لەسەرجەم خێزانەکان دەکات، هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو هاوکاری بژمێرەکانمان بکەن و پێویستە کەسێکی بەر پرسی خێزانەکە لە ماڵ بێت بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکان.
سەبارەت بە هاووڵاتیانەی، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمن، لیژنەکە ئاماژەیداوە، ئەوانەی لە قۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، پێویستە بۆ قۆناغی کۆتایی کە سبەی دەست پێدەکات، یەک کەس لە هەر خێزانێک بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت.