ڕووسیا: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 200 چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریامان کوشتووە

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا ڕاگەیاند: هێزەکانی ڕووسیا بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا لە پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەب.

هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ئۆلێگ ئیگناشیک، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هێزی ئاسمانی وڵاتەکە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆگای چەکی سەر بە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ئەنجام دەدەن.

باسی لەوەش کرد، هێزەکانی ڕووسیا بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا لە پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەب.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو لانیکەم 200 چەکداری ئەو گرووپە "تیرۆرسیتییانە" لەناوچوون و لە هێرشەکانیشمان بۆ سەریان ناوەستین.

هەر ئەمڕۆ  گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کۆنترۆڵکردنی چەند گەڕەکێکی شاری حەلەبیان ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئۆپەراسیۆنێکیان دوو ڕۆژە دەست پێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای حەلەب کە لە ماوەکانی ڕابردوو لەژێر دەستی حکوومەتی سووریادا بوو.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و گرووپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشێكی به‌رفراوانیان بۆ سه‌ر باكووری ڕۆژئاوای سووریا به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ر حه‌له‌ب له‌ دژی سوپای حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ست پێ كردووه‌.

ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕوونی كرده‌وه‌‌، پێكدادانه‌كانی نێوان گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئۆپه‌راسیۆنی "وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دوژمنكاری" و سوپای حكوومه‌تی سووریا، زیانی گیانی و ماددی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا‌، له‌ میانی ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانانه‌دا كه‌ له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 27ـی تشرینی دووه‌می 2024ـوه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، 242 كه‌س كوژران.