کۆتا قۆناغی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

ئەمڕۆ کۆتا قۆناغی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد
شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی سێیەم و کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسراوە.
لیژنەی سەرپەرشتیی سەرژمێریی گشتیی ڕایده‌گه‌یه‌نێـت "ئەم پرۆسەیە بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و بژمێرەکانمان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سەردانی گشت خێزانەکان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆرمی پرسیارنامەی خێزانەکان بۆ ئەو 77 پرسیارەی لە بارەی دیموگرافی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی و چەندان لایەنی دیکە."
هەروەها داواش لە هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت لە هەر خێزانێک، پێویستە کەسێک بچێتەوە زێدی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان.

ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێم  ڕاگەیەنرا.

لە هەموو شار و شارۆچکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان پابەندكران لەكاتی سەردانی بژمێرەكان بۆ ماڵەكانیان ئامادەییان هەبێت و وەڵامی پرسیارەكانیان بدەنەوە؛ تاکوو ئێستە پڕۆسەكە بەردەوامە و تیمەکانی سەرژمێریی ئەمڕۆ دەست بە قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی دەکەن و77 پرسیار دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی خێزان دەکەن.