ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی قوربانییانی چەکی کیمیاییە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی قوربانییانی چەکی کیمیاییە، ئەو چەکەی کە دژی گەلی کورد بەکار هێنرا و ڕژێمی پێشووی عێراق کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و چەند ناوچەی دیکەی کوردستانی پێ کرد .

چەکی کیمیایی، بۆ یەکەمجار لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بەکارهات، لەو جەنگەدا نزیکەی ملیۆنێك و 100 هەزار کەس بەو چەکە کوژران و بریندار بوون.

ساڵی 1997، 193  وڵات ڕێککەوتنی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییان ئیمزا کرد  و تەنها سێ وڵات ئیمزایان نەکردووە و ئیسرائیلیش پەسندی نەکردووە.

ڕۆژی جیهانیی قوربانییانی چەکی کیمیاییە، ئەو چەکەی وەك یەکێک لە دڕندەترین داهێنانەکانی مرۆڤ دادەنرێت و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان قەدەغە کراوە، لەو ڕۆژەدا یادی قوربانییانی ئەو چەکە دەکرێتەوە.

بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی قوربانییانی چەکی کیمیایی، نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2005، ڕێککەوتی 30  تشرینی دووەم دەستنیشان کرد، هەروەها لەو ڕۆژەدا ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی پابەند بوونی خۆی دووپات دەکاتەوە.

لە مێژوودا، لە چەندان جەنگ و ململانێ چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، لە جەنگی جیهانی یەکەم لە  ساڵی 1915  ساڵی بۆ یەکەم جار لە شەڕی سەردەمییانەدا بەکار هێنراوە، لەو جەنگەدا بەهۆی چەکی کیمیایی نزیکەی 91 هەزار کەس کوژران و یەک ملیۆن کەسیش برینداربوون.

بۆ جاری دووەم، چەکی کیمیایی لەلایەن ئیتاڵیاوە لە جەنگی ئیتاڵیا و ئەسیوبیا لەنێوان ساڵی 1935 و 1936  بەکارهێنراوە، مەزندە دەکرێت ژمارەی قوربانییانی ئەسیوبیا بەهۆی ئەو چەکە، نزیکەی 50 هەزار هاووڵاتی بێت.

لە جەنگی ئەمەریکا و ڤێتنام لەنێوان ساڵی 1961  تا1971  چەندان جار ئەمەریکا بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر ڤێتنام، بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ڤێتنام زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بەهۆی هێرشە کیمیاییەکانی ئەمەریکا بوونە قوربانی.

لە جەنگی عێراق و ئێران لە 1980   تا 1988 چەندان جار ڕژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی سەربازانی ئێرانی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 100  هەزار کەس بوونە قوربانی، یەکێك لە کارەساتبارترین هێرشەکانی چەکی کیمیایی لە مێژوودا، کیمیاییبارانی شاری هەڵەبجە بوو کە لە 16ـی ئاداری 1988 ڕژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی هەڵەبجەی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهید بوون.

یەکێک لە دوایین بەکارهێنانی ئەو چەکە کوشندەیە بەشێوەیەکی فراوان لە 21ـی ئابی ساڵی 2013 بووە، کاتێک ناوچەی غۆتە کە دەکەوێتە دەوربەری دیمەشق، لە لایەن ڕژێمی سووریا بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا، بەهۆیەوە هەزار و127  کەس کوژران و نزیکەی شەش هەزار کەسیش بریندار بوون.

بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی ئەو چەکە، لە 29 نیسانی 1997، 193 وڵات بوونە ئەندام لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، تا ئێستە هەریەکە لە میسر، کۆریای باکوور و سوودانی باشوور ئەو ڕێککەوتنەیان ئیمزا نەکردووە؛ ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێککەوتنی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئیمزا کردووە، بەڵام تا ئێستا پەسندی نەکردووە و ڕێگریی لە پشکنەرەکان کردووە بنکە سەربازییەکانی بپشکنن.