گەورەترین کانی زێڕ لە چین دۆزرایەوە

شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، مێدیای فەرمی چین ڕایگەیاند، کانێکی گەورەی زێڕیان لە هەرێمی هونان دۆزیوەتەوە کە 300 تۆن لەو کانزا بەنرخی تێدایە و پێشبینیش دەکەن بەهای ئەو زێڕەی تێیدایە بگاتە 83 ملیار دۆلار.
بەگوێرەی مێدیا فەرمییەکانی چین، ئەوکانە زێڕە لە وانگو، لە ناوەڕاستی چین دۆزراوەتەوە، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی جیۆلۆجیی پارێزگای هونانەوە ڕاگەیەندراوە، ڕەنگە زیاتر لە هەزار تۆن زێڕ بەرهەم بهێنێت. ئاژانسە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن، 40 دەماری جیۆلۆجیی زێڕیان دۆزیووەتەوە لە قوڵایی دوو کیلۆمەتر کە وا خەمڵاندنی بۆ کراوە 300 تۆن زێڕی تێدا بێت، هاوکات لەگەڵ یەدەگێکی دیکە لە قوڵایی سێ کیلۆمەتر.
بە گوێرەی ئەو نموونانەی وەرگیراون دەتوانرێت لە هەر تۆنێک لە بەردە کانزاییەکانی ئەم ناوچەیە 138 گرام زێڕی پوخت دەربهێندرێت.
زێڕ، بایەخێکی گەورەی جیهانی هەیە و هەر کیلۆیەک لەو کانزایە بە زیاتر لە 85 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، چینیش یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەکانی ئەم کانزایە و گەورەترین کانی زێڕیشی لە هەرێمێکی وڵاتەکەی دۆزیوەتەوە.