یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پارتی: ئەرێنی بوو
یەکێتی دەڵێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی "ئەرێنی" بووە و هاوڕابوون لەسەر "گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان".
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 30-11-2024، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گردی دەباشان، لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە چوو" و پێکەوە باسیان لە بابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت؛ کردووە.
هەر بۆ ئەو مەبەستە، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش."
سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 02-12-2024، بەڕێوە بچێت؛ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، هاوڕابوون لەبارەی "گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان."