فیدان و لافرۆڤ دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن

هاكان فیدان و سێرگی لافرۆڤ، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و ڕووسیا
هاكان فیدان و سێرگی لافرۆڤ، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و ڕووسیا

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هاكان فیدان و هاوتا ڕووسییه‌كه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بارودۆخی سووریا و ڕێككه‌وتنه‌كانی ئاستانا تاوتوێ ده‌كه‌ن.

شه‌ممه‌، 30ـی تشرینی دووه‌می 2024، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و سێرگی لافرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بارودۆخی سووریا و ڕێككه‌وتننامه‌كانی ئاستانایان تاوتوێ كرد.

ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاستانا له‌ ساڵی 2017 و به‌ سه‌رپه‌رشتیی ڕووسیا، توركیا و ئێران له‌ پێناو چاره‌ی سیاسی بۆ كێشه‌ سیاسییه‌كانی سووریا ده‌ستی پێ كرد.

شه‌ممه‌، 30ـی تشرینی دووه‌می 2024، هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ناوه‌ڕاستی جه‌نگ و ململانێكانی ناوچه‌كه‌، هاوكات له‌م ناوچه‌ جوگرافییه‌ له‌رزۆكه‌دا، ڕۆڵی زیاتر له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ری ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌گێڕێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختی كرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی له‌ ململانێ و ئاڵۆزییه‌ نوێیه‌كانی سووریا به‌شدار نییه‌، به‌ڵام هاوكات هه‌نگاوی پێویست و یه‌ده‌گ له‌م باره‌وه‌ ده‌گرێته‌به‌ر.

هاكان فیدان هه‌روه‌ها داوای كرد سه‌رنج ئاگه‌یی زیاتر بخرێته‌ سه‌ر سه‌قامگیریی له‌ سووریا، عێراق، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باشووری قه‌وقاز، ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و ده‌ریای ڕه‌ش، كه‌ ئه‌مه‌ ئامانجی بنه‌ڕه‌تی توركیایه‌.