ڕامی عەبدولڕەحمان: سوپای سووریا بە تەواوی لە حەلەب و ئیدلیب داڕماوە

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: ئه‌مه‌ریكا و توركیا لە سووریا پشتیوانیی هێرشی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن، هەروەها سوپای سووریا له‌ ئیدلب و حه‌له‌ب نه‌ماوه‌. جەختی لەوەش کردەوە، هه‌ڵوێستی ڕووسیا به‌رانبه‌ر سووریا شه‌رمنانه‌یه‌ و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كشاوه‌ته‌وه.‌

ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: ئێستا حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام دایە، هەروەها هێزە کوردییەکانیش دەستیان گرتووە بەسەر هەندێک ناوچەی حەلەب.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: ڕێگەی نیوان حەلەب و هەندێک ناوچەی دەوروبەری تاوەکو ئێستا لەژێر دەستی هێزە کوردییەکان دان، ڕژێمی سووریا بە تەواوی داڕماوە لە حەلەب و ئیدلیب هیچ دەسەڵاتێکیان نەماوە و شکستیان هێناوە. ئاماژە بەوە دا، چۆڵکردنی حەلەب بەرنامەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو بوو.

ناوبراو لەبارەی هەڵوێستی ڕووسیا لەسەر گرژییەکانی سووریا، ڕایگەیاند: هەڵویستی ڕووسیا بەڕاستی شەرمنانەیە، لە هەندێک ناوچەی باکووری سووریا کشاوەتەوە، دەیانەوێت نەخشەی ناوچەکە دابڕێژنەوە و بەشار ئەسەدیش هەر لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، ئێرانیش وردە وردە ناوچەکان ڕادەست دەکات.

جەختی لەوەش کردەوە، هێزە شیعییەکانیش لە حەلەب شکستیان هێنا و ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە، هەروەها ئەمەریکا و تورکیا بە تەواوی پشتیوانیی لە هێرشەکان دەکەن بۆ سەر حەلەب، ئەگەر تورکیا نکۆڵیش بکات کە پشتیوانی ناکات ئەوە ڕاست ناکات.

ڕامی عەبدولڕەحمان، باسی لەوەش کرد، ئامانج لە پشت هێرشەکانی سەر حەلەب دابەشکردنی سووریا و شکستپێهێنانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدە. گوتیشی: دەبێت بەشار ئەسەد واز لە پۆستی سەرۆکایەتی سووریا بێنیت بەڵکو دەشبێت دادگایی بکرێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا، لە ڕۆژانی داهاتوو سووریایەکی نوێ و دابەشکراو دەبینین، ئەمەش بەپێی ئەو پلانەیە کە پێشتر لە ڕۆژئاوا بۆی دانراوە، هەروەها ڕەنگە دابەشکارییەکە بە پێی ناوچەی کۆنفیدراڵی بێت نەک دابەشکاری نەژادی و ئایینی.

لەبارەی بارودۆخی مرۆیی حەلەب، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرای کرد، بارودۆخی مرۆیی لە پارێزگاکە زۆر خراپە، بەڵام خەڵک سەرەتا لە دەستدرێژی دەترسان، بەڵام تا ئێستا تووشی ئەو دۆخە نەبوونە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، ڕوونی کردەوە، 3 مانگ بەر لە ئێستا پلان بۆ دابەشکاری سووریا دانرابوو. گوتیشی: ڕووسیا و ئەمەریکا دەیانەوێت ئێران لە سووریا بێتە دەرەوە، بەهۆی هاتنی ترەمپیشەوە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکا لە سووریا ڕوودەدات.