برۆکسل.. ئافرەتانی لەشفرۆش دەستەبەری کۆمەڵاتییان بۆ دەکرێت
لە برۆکسلی پایتەختی بەلیجکا بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئافرەتانی لەشفرۆش دەدرێت و بۆ لەمەودوا دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێت و کۆمەڵێک مافیان بۆ زامن دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، بە پێی هەواڵی کەناڵی بی بی سی فارسی، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، زۆرێک لە ئافرەتانی لەشفرۆش ئاهەنگیان گێڕا بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ کە وا دەکات ئیدی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە بیمەی تەندروستی، مۆڵەتی لەدایکبوون و مافی خانەنشینی.
لە وڵاتەکە زۆرێک پشتگیریان لە دەرکردنی یاساکە کردووە، بەڵام بەشێک لە هاووڵاتییان و شارەزایانیش ڕەخنەیان لە دەرکردنی ئەو یاسایە گرتووە، چونکە پێیان وایە؛ ئەم یاسایە دەبێتە هۆی زیادبوونی بازرگانیکردن با ئافرەت لە سەرانسەری جیهان.
هەروەها دەڵێن: دەرکردنی ئەم یاسایە بازاڕێکی نوێ بۆ کاری سێکسی دروست دەکات، بە پێی ئامارەکان مەزەندە دەکرێت لە جیهان 52 ملیۆن ئافرەت هەبێت کە کاری لەشفرۆشی دەکەن، بەڵام زۆرینەیان ناچار دەکرێن پێچەوانەی ویستی خۆیان کارەکە ئەنجام بدەن.