یەحیا ڕەسوول بۆ کوردستان24: گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە عێراق نزیک ببنەوە بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، سنوورەکانی عێراق- سووریا بە تەواوی پارێزراون و هێزەکانیان لە ئامادەباشی دان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو. گوتیشی: گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە عێراق نزیک ببنەوە بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە.
ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەستیان بە کۆمەڵێک هێرش کردووە و هەندێک ناوچەی پارێزگای حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش پەیامێکی زۆر نەرێنییە، ئێمە هەموو ڕێكارێکمان بۆ پاراستنی سنووری عێراق - سوریا گرتووەبەر.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەڵێت: بۆ پاراستنی سنوورمان لەگەڵ سووریا کۆمەڵێک ڕێکاری خۆپارێزمان گرتووەتەبەر لەوانە؛ خەندەقێکمان لێداوە، لە ڕێگەی تاوەر و کامیڕاوە توانیومانە ناوچە سنوورییەکە کۆنترۆڵ بکەین، هەروەها پشت بە هەواڵگرییەکان دەبەستین بۆ ئەوەی ڕێگری لەو گرووپانە بکەین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە سنووری عێراق نزیک ببنەوە، بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە، ئێمە دەستمان بە هەموو شوێنک دەگات لەسەر سنوور، هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر عێراق بە تووندی بەرپەرچی دەدەینەوە.
لەبارەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 لە عێراق و هاتنی داعش، یەحیا ڕەسوول، گوتی: سینارۆیەکە هەرگیز دووبارە نابێتەوە ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە، ئەو کات هیچ هێزێکی ئێشکگریمان لەسەر سنوورەکان نەبوو ئێستا لەسەر سنوور و ناوچە بیابانەکان ئەو هێزانەمان هەیە.