وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشق دەکات
عەباس عێراقچی بۆ ڕاوێژ و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی ناوچەکە و بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییە ڕۆژی یەکشەممە دەچێتە دیمەشق و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا کۆ دەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ ڕاوێژ و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی ناوچەکە و بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییە ڕۆژی یەکشەممە دەچێتە دیمەشق و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا کۆ دەبێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی ئاشکراشی کرد، عێراقچی لە دیمەشقەوە بەرەو ئەنقەرە دەچێت و ڕۆژی دووشەممە دەگاتە ئەنقەرە و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرەو یەکێکی دیکە لە وڵاتانی ناوچەکە دەچێت.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024 لە ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن؛ دەستیان پێ کرد.
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ئەنجامی شەڕەکەدا، زیاتر لە 288 کەس کوژراون، کە 28ـیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون. بێجگە لەمەش، سەدان کەسی دیکە برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.