سبەینێ پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە

یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان کراوە بۆ ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت: "سبەی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە دەبات ئەویش، ئەردەلان محەممەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانە."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "کاندیدە دەرچووەکان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێن بۆ سوێند خواردن."

سامان ئەحمەد ڕاشیگەیاند "ئامادەکارییەکانیش لە چوارچێوەی شەفافییەتی پەرلەمانی کوردستان، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان ئامادەیان کردووە، هەموو شتێكتان بۆ دەخەینە ڕوو، جگە لە بابەتە سیاسییەکان کە قسەیان لەسەر ناکرێت و بۆ لایەنە سیاسییەکان جێ دەهێڵدرێت."

هەروا گوتیشی: "هۆڵی دانیشتینی پەرلەمان ئامادەیە، پرۆتۆکۆڵی پەرلەمان بەهەموو شێوەیەک ئامادەی کردووە، بۆ یەکەین جارە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێش دەست بەکاربوونی کاندیدەکان، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان ڕێبەرێکی کاری پەرلەمانی بڵاو کردووەتەوە، بۆ شارەزابوونی ئەندامانی پەرلەمان بەکاری پەرلەمان و کاری یاسادانان. هەروەها لیژنەش پێکهاتووە بۆ پێشوازیی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان."