مەسعود پزیشکیان: ئەمەریکا و ئیسرائیل شەڕی ناوخۆیی سووریایان قۆستووەتەوە
یەکشەممە، 1-12-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک هەوڵ نادات شەڕ لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات و واشنتۆن و تەلئەڤیڤیشی بە قۆستنەوەی ململانێی ناوخۆی سووریا تۆمەتبار کرد.
پزیشکیان، لەوتارێکیدا لەبەردەم پەرلەمانی ئێران، ئەمەریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە کاردەکەن بۆ قۆستنەوەی ململانێی ناوخۆی سووریا، گوتیشی "پێویستە ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئەورووپا هەست بە شەرم بکەن بەرانبەر بە تاوانەکانیان."
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد "ڕێگە نەدەن ئەمەریکا و ئیسرائیل دۆخی سووریا بقۆزنەوە."
پزیشکیان جەختیشی کردەوە "ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەدوای تەشەنەکردنی شەڕ نین لە ناوچەکەدا، هەوڵمان داوە تا دەتوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان باشتر بکەین و لەگەڵ وڵاتانی دیکە قسە بکەین، ئەوانەی داوای ئاشتی و مافی مرۆڤ دەکەن، چاویان لە فراوانکردنی شەڕە."
شەممە، 30-11-2024، سوپای سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕی حەلەب و ئیدلب بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "لە چەند بەرەیەکدا، شەڕێکی سەختیان لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکان (دەستەی تەحریری شام و لایەنگرانی) کردووە و فرە بەرەیی پێکدادانەکان وای لێ کردوون هێزەکانیان بکشێننەوە بە ئامانجی دووبارە خۆڕێکخستنەوە."
سوپای سووریا، جەختی لەوە کردووەتەوە "کشانەوەیان لە چەند بەرەیەک، بۆ ماوەیەکی کاتییە، هێزەکانی پشتیوانی گەیشتوونەتە بەرەکانی شەڕ و خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادە دەکەن."
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە، مێدیا عەرەبییەکان کەوتنی شاری حەلەبیان بەتەواوی ڕاگەیاند، کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە.