فیدان بۆ بلینکن: ئەنقەرە ڕێگە بە چالاکیی تیرۆریستی دژ بە هاووڵاتییانی سڤیل لە سووریا نادات
هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تاوتوێی بارودۆخی ئەم دواییەی سووریایان کرد، هاوکات فیدان پشتیووانیی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا پشتڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا قسەی کرد.
هاکان فیدان بە بلینکنی ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە دژی هەموو ئەو هەوڵ و پێشهاتەنەیە کە وا دەکەن دۆخی سووریا زیاتر ناسەقامگیر بێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، کە وڵاتەکەی هەرگیز ڕێگە بە چالاکی تیرۆریستی دژ بە هاووڵاتییانی سڤیلی سووریا نادات.
هاوکات پشتیووانیی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا پشتڕاست کردەوە، فیدان دەشڵێت: پرۆسەی سیاسی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن دەبێت ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت بۆ ئەوەی ئارامی دووبارە بۆ سووریا بگەڕێتەوە.
پاشنیوەڕۆی هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو پارێزگای حەلەب و لەگەڵ سوپای سووریا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کرد.