ئەسەد بۆ عراقچی: لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان بەردەوام دەبین

کۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
کۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

سەرۆک کۆماری سووریا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە و، جەختی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی گرووپە "تیرۆستییەکان" کردەوە. لای خۆیەوە عراقچی، پاڵپشتی ئێرانی بۆ حکوومەتی سووریا دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا کۆ بووە.

لەمیانی دیداری نێوانیان، بەشار ئەسەد ڕایگەیاند: حکوومەت و سوپای سووریا لە سەرانسەری وڵات بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە" تیرۆریستییەکان". هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەموو هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە و وشککردنی سەرچاوەکانی لەپێناو سەقامگیری و ئاسایشی وڵات دەدەن.

ئەسەد دووپاتی کردەوە، گەلی سووریا  لە ساڵانی ڕابردوو توانیویەتی بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، ئەمڕۆش لە هەموو ڕۆژان زیاتر ئامادەن و بڕیاریان داوە کە کۆتایی بە تیرۆر بهێنن. ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانیکردنی سووریا لەلایەن وڵاتانی دۆست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد.

لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامی سەرکردایەتی وڵاتەکەی گەیاندە سووریا و جەختی هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی سووریا کردەوە.

عراقچی گوتی: سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دۆخی زۆر  لە ئێستا سەختتر بووەتەوە و تێیپەڕاندووە، هاوکات پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات کردەوە.

پاشنیوەڕۆی هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو پارێزگای حەلەب و لەگەڵ سوپای سووریا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کرد.