دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و هەڵوێستی وڵاتان
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە دوای سەرهەڵدانی ململانێ ناوخۆییەکانی سووریا لەساڵی 2011، یەکەمجارە شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریا نامێنێت، دەشڵێت: گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر سەرجەم گەڕەکەکانی ئەو شارەدا گرتووە کە هێزەکانی سوپا تێیدا جێگیر کرابوون.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆمافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "دەستەی تەحریر ئەلشام و گرووپە هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵی هەموو شاری حەلەبیان کرد، جگە لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان". گوتیشی: " لە دوای سەرهەڵدانی ململانێ ناوخۆییەکانی سووریا لەساڵی 2011، یەکەمجارە شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادا نامێنێت" کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە "سوپای سووریا مانەوەی خۆی لە دەوروبەری شاری حەمای ناوەڕاستی سووریا ڕاگەیاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان پێشڕەویان کرد لەوبەرەیە." هاوکات بەشار ئەسەدیش بەڵێنی دا "شکستیان پێبهێنێت".
گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا داوا لە هەسەدە دەکات لە حەلەب بکشێتەوە
بەشی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای لە هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) کرد بۆ ئەوەی لە حەلەب بکشێتەوە، لە بەرانبەردا ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ جێهێشنی شارەکە لەلایەن گرووپەکانەوە دەربڕی.
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گرووپە چەکدارەکان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا پشتڕاستی کردەوە، کە کوردەکانی سووریا بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی سووریا، هەروەها جەختی لە پابەندبوونیان بە پاراستنی هاووڵاتییانی کوردی سڤیل، لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ناوچەکانی دیکەی شارەکە و زامنکردنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی سووریا: سوپای سووریا تەواوی خاکی وڵاتەکە ئازاد دەکات
محەممەد غازی، سەرۆک وەزیرانی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ کۆبووینەوە بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکەینەوە کە حکوومەت شانبەشانی هێزە چەکدارەکانمان وەستاوە بۆ چارەکردنی ئەو کاردانەوەی کە ڕوویانداوە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستی و بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە حەلەب و لادێکانیدا.
سەرۆک وەزیرانی سووریا، ئاماژەی بەوە دا: سوپای سووریا ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکان بووەتەوە، بەڵام قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات و هەروەها سوپا بەڵێنی داوە تەواوی خاکی سووریا ئازاد بکات.
ئەسەد بۆ عراقچی: لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان بەردەوام دەبین
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا کۆ بووە.
لەمیانی دیداری نێوانیان، بەشار ئەسەد ڕایگەیاند: حکوومەت و سوپای سووریا لە سەرانسەری وڵات بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە" تیرۆریستییەکان". هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەموو هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە و وشککردنی سەرچاوەکانی لەپێناو سەقامگیری و ئاسایشی وڵات دەدەن.
ئەسەد دووپاتی کردەوە، گەلی سووریا لە ساڵانی ڕابردوو توانیویەتی بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، ئەمڕۆش لە هەموو ڕۆژان زیاتر ئامادەن و بڕیاریان داوە کە کۆتایی بە تیرۆر بهێنن. ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانیکردنی سووریا لەلایەن وڵاتانی دۆست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد.
لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامی سەرکردایەتی وڵاتەکەی گەیاندە سووریا و جەختی هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی سووریا کردەوە.
عراقچی گوتی: سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دۆخی زۆر لە ئێستا سەختتر بووەتەوە و تێیپەڕاندووە، هاوکات پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات کردەوە.
پزیشکیان و سوودانی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
پزیشکیان و سوودانی، باسیان لە گرنگی هەوڵەکان لە نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە کرد. هاوکات جەختیان لە گرنگی کارکردنی پێکەوەیی بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە تێکچوونی دۆخی سووریا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.
فیدان بۆ بلینکن: ئەنقەرە ڕێگە بە چالاکیی تیرۆریستی دژ بە هاووڵاتییانی سڤیل لە سووریا نادات
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا قسەی کرد.
هاکان فیدان بە بلینکنی ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە دژی هەموو ئەو هەوڵ و پێشهاتەنەیە کە وا دەکەن دۆخی سووریا زیاتر ناسەقامگیر بێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، کە وڵاتەکەی هەرگیز ڕێگە بە چالاکی تیرۆریستی دژ بە هاووڵاتییانی سڤیلی سووریا نادات.
هاوکات پشتیووانیی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا پشتڕاست کردەوە، فیدان دەشڵێت: پرۆسەی سیاسی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن دەبێت ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت بۆ ئەوەی ئارامی دووبارە بۆ سووریا بگەڕێتەوە.
فوئاد حوسێن و ئەیمەن سەفەدی جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا کردەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەنجام دا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو وەزیر باسیان لە پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی سووریا کرد، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو پێشهاتانە دەربڕی. هاوکات پشتیووانی تەواوی خۆیان بۆ سووریا دووپات کردەوە.
هەردوولایان جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سووریا کردەوە.
سوودانی: هەر هەڕەشەیەک کاریگەری لەسەر خاک و سەروەری عێراق هەبێت ڕووبەڕووی دەبینەوە
ئەمڕۆ 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد و ڕایگەیاند، پاراستنی سەقامگیری عێراق و بەرقەراربوونی ئاسایش تێیدا کاری لە پێشینەمانە، جەختی لەوە کردەوە، هەر هەڕەشەیەک کاریگەری لەسەر خاک و سەروەری عێراق هەبێت ڕووبەڕووی دەبنەوە.
سوودانی جەختی لە بەردەوامبوون لە بەدواداچوون بۆ ئاسایشی سنوورەکان و پاراستنی کردەوە لە هەر هەوڵێکی تیرۆریستی، هاواکات داواشی کرد کە هەموو ئامادەیی مەیدانیان هەبێت و بەدواداچوون بکەن بە تایبەت لەسەر سنوورەکان.
سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان. هاوکات ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی کردەوە.