دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ سبەی هەڵگیرا
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پرۆژە یاساکانی باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان بە سەرۆکایەتی مەحموود مەشهەدانی گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت و بۆ سبەی سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024 هەڵگیرا.
دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مەحموود مەشهەدانی بۆ دەنگدان لەسەر هەردوو پرۆژەیاسای باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بۆیە دانیشتنەکە بۆ سبەی سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024 هەڵگیرا.
دوێنێ یەکشەممە، 01-12-2024، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئامادەنەبوونی زۆرینەی ڕەهای یاسایی ئەندامان دواخرا، ئەمڕۆ دووشەممە، 02-12-2024، کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد و پرۆژە یاساکان خرانە ڕوو بۆ دەنگدان لەسەری، بەر لە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکان گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بۆیە کۆبوونەوکە ڕاگیرا و خرایە سبەی سێشمەممە.
پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـیساڵی 1959، هەروەها پرۆژەیاسای گەڕاندەوەی ئەو موڵکانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان، یاسای سێیەمیش هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016 بڕیارە لەو کۆبوونەیەوەی پەرلەماندا دەنگیان لەسەر بدرێت.