حزبوڵلای عێراق داوا لە حکوومەت دەکات بەفەرمی هێز بۆ سووریا بنێرێت

کەتیبەی حزبوڵلای عێراق, داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بە فەرمی هێزی سەربازی ڕەوانەی سووریا بکات.

هێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەرکەتووبوون لە کۆنتrۆڵ کردنی شاری حەلەب، هێزەکانی سوپای سووریا لە زۆر شوێنی ناو شارەکە کشاونەتەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە شاری حەلەب و لادێکانییەوە درێژبووەتەوە بۆ دوو میحوەری دیکە، یەکەمیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبەوە و ئەوی دیکەیان لە لادێکانی پارێزگای ئیدلبەوە بەرەو چواردەوری حەما.

هێزی تەحریرولشام دەڵێن: "دوایین هێرش لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و سووریا بووە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکانی ئیدلب ."

لای خۆیەوە جەعفەر حوسەینی, گوتەبێژی کەتیبەی حزبوڵلای عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو دەستدرێژییە دەکەن کە گرووپی تەحریرولشام بۆسەر گەلی سووریا دەستی پێ کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە "هێشتا بڕیاری ناردنی موجاهیدەکانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە ڕێگریی لەو گرووپانە نەدراوە."

ئەو گوتەبێژە جەختی لەوەش کردەوە "حزبوڵلای عێراق بە پێویستی دەزانن حکوومەتی عێراق دەستپێشخەری بکات بۆ ناردنی هێزی سەربازیی فەرمی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی ئەم گرووپانە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بۆ سەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دروستی دەکەن."

گرووپە چەکدارەکانی تەحریرولشام و چەند گرووپێکی دیکەی چەکداری نێو ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چەند بەرەیەکەوە لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە هێرشیان کردووتە سەر هێزەکانی سوپای سووریا، دوای دەست بەسەردا گرتنی ناوەندی پارێزگای حەلەب و چەند شارۆچکە و گوندێکی سنووری پارێزگاکە، ئێستا ڕێگەی سەرەکی و نێودەوڵەتی حەلەب – دیمەشقیان داخستووە.

 حەلەب، دووەم گەورە شاری سووریا و ئێستا لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە.

لای خۆیەوە، ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "ژمارەی کوژراوان لە هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن گرووپەکانەوە لە باکووری سووریا گەیشتووەتە 412 کەس کە 61 کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون."

ڕوانگەکە دەڵێت: "لە هێرشەکەدا 214 کەس کوژراون و 137 کەس بریندار بوونە لە نێو هێزەکانی حکوومەتی سووریا سەر بە گرووپەکانن، لە نێویشیاندا 61 کەسی مەدەنی کوژراون."