نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای حەلەب ئاوارە بوون
دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و داگیرکردنی شارۆچکەی تەل ڕەفعەت و چۆڵکردنی شارۆچکەکە لەلایەن هێزەکانی هەسەدە، ئاوارەیی بەرۆکی کوردانی دانیشتووی تەل ڕەفعەت و دەڤەری شەهبای گرتووتەوە و نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارە بوون.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەر بڵاوی کردووتەوە، لە دوای هێرشی گرووپەکانی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی تەل ڕەفعەت و گوندەکانی دەڤەری شەهبا هەڵهاتوون و دوێنێ دووشەممە، بەشێک لە کوردە ئاوارەکان گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاندووە "هەوڵدەدەن هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی دەوروبەری پارێزگای حەلەب کە ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بیانگوازنەوە."
کوردەکان لە سووریا بۆ خۆپاراستن لە تەنگژە و پێکدادانەکان ناوچەکانی دەورووبەر و باکووری حەلەب، بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە چۆڵ دەکەن. گوتەبێژی هەسەدە دەڵێت: "هەموویان بە سەلامەتی دەگوازینەوە."
هەر لە بارەی ئاوارەیی کوردانی پارێزگای حەلەب، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاندووە "بەشێک لە ئاوارەکان بە کاروانێکی چەند سەد ئۆتۆمبێل بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شارۆچکەی تەبقە و گوازراونەتەوە."
پێشتریش مەزڵوم عەبدی، سەرۆکی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیەندبوو "هێزەکانیان هەوڵی گواستنەوەی کوردەکانی تەل ڕەفعەت و بەشێک لە دانیشتووانی حەلەب دەدەن بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا."
عەبدی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو "بارودۆخ لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بە خێرایی و لە ناکاو پەرەی سەندووە و هێزەکانیان لە چەند بەرەیەکەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند بوونەتەوە."
ڕاشیگەیاندووە "دوای شکستی سوپای ڕژێمی سووریا، لە نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و حەلەب و تەل ڕەفعەت ڕێڕەوێکی مرۆییان کردبووەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، ڕێڕەوەکە پچڕاوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە بەرگری و پاراستنی هاووڵاتییان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب."