سیناتۆرێک: ئیسرائیل تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەتەوەیی لە غەززە کردووە

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ئەمەریکی ڕایگەیاند ئیسرائیل تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەتەوەیی لە غەززە کردووە.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ئەمەریکا لە ویلایەتی ڤێرمۆنت، ڕوونی کردەوە "هاوڕایە لەگەڵ ژەنەراڵ و وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل، موشێ یاعلۆن، کە حکوومەتی بە پاکتاوی نەتەوەیی لە باکووری غەززە تۆمەتبار کرد." سوپای ئیسرائیل شارۆچکەکانی بەیت حانون و بەیت لاهیای داخست و کەمپی پەنابەرانی جەبەلیە و ڕێگەی نەدا هیچ هاوکارییەکی مرۆیی بچێتە ناوەوە.

 ساندەرز لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەش کرد "هیوادارم سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل زیاتر لەگەڵیدا بن و ڕاشکاوانە قسە بکەن."

 مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا هەوڵەکانی ساندەرزی ڕەت کردەوە بۆ ڕێگریی لە فرۆشتنی چەکی هێرشبەر بە ئیسرائیل بەهۆی زۆری ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، ژێرخانی ئەو شارەی وێران کرد و دەیان هەزار کەسیش کوژران و بریندار و ئاوارە بوون.