کۆنفرانسی 76مین ساڵیادی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بەڕێوە دەچێت

سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڕیار وایە ئەمڕۆ، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت ساز بکات. 

کۆنفرانسی 76مین ساڵیادی  پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها دەبێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێوخۆیى، نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەروەها ڕۆڵی حکوومەت لە پێشخستن و پەرەپێدانی پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بایەخی داوە بە مافەکانی هاووڵاتییان و ئازادییەکانی بە گشتیی، پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) ئاماژەی بایەخدانە بەم مەلەفە و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی کە ئاراستەی هەرێم کراون لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا، بە مەبەستی گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم. لەم کۆنفرانسەدا، بە داتا و ژمارە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە پێشکەش دەکرێن."

هەروەها ئەو کۆنفرانسە، مینبەرێکە بۆ تێڕامان لەو پێشکەوتنانەی بەدی هاتوون بەپێی پابەندبوونمان بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حوکمڕانیی باش و تیشک خستنە سەر هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەدی دادپەروەری و یەکسانی، و دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هەر سێ دەسەڵات یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بکەن لە پرۆسەی بەرجەستەکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان.

لەم کۆنفرانسەدا، نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێم، هەروها سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فیدراڵی، بەشدار دەبن. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە دەبن بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پێشهاتە سەرەکییەکان، ئالنگارییەکان و دەرفەتەکانی داهاتوو لەم بوارەدا.