بایدن، بە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار هاوکاریی ئۆکرانیا دەکات

جۆو بایدن پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی، بەستەیەکی نوێی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بە بەهای 725 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ پشتگیریی کیێڤ.

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەستە نوێیەکە، کەرەستەی سەربازیی جۆراوجۆری تێدایە، لەوانەش بڕێکی زۆر تەقەمەنی و تۆپ و مووشەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.'

سولیڤان، باسی لەوەش کرد "وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕێنمایی وەرگرتووە بۆ خێراکردنی پرۆسەی گەیاندنی ئەم بەستە هاوکارییە بۆ ئۆکرانیا.

سولیڤان، پلانێکی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد، کە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 1ـی 2025، سەدان هەزار تۆپ و هەزاران مووشەکی زیادە ڕادەستی ئۆکرانیا دەکەن، هەروەها ئیدارەی ئەمەریکا بڕیاری داوە مینیش بداتە کیێڤ.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا "هاوکارییە ئەمنییەکان بریتین لە دابینکردنی بەرگریی ئاسمانی، تەقەمەنی بۆ سیستەمی مووشەکی و تۆپ و چەکی دژە تانک."

لە سەرەتای دەست پێ کردنی شەڕ لە شوباتی 2022ەوە، ئۆکرانیا زیاتر لە 60 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ تەرخان کراوە.