پامێلا هاک: ئەمەریکا داکۆکیی لە مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان دەکات

جێگری باڵیۆزی گشتیی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، ئەمەریکا داکۆکیی لە مافی کەمایەتیی و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دەکات، پێی وایە کە ئەم پێکەوە ژیانە زۆر گرنگە.

سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، پامێلا هاک، جێگری باڵیۆزی گشتیی ئەمەریکا لە عێراق، لە کۆنفرانسی 76مین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند "76 ساڵ لەمەوبەر جیهان گۆڕانێکی تازەی بەخۆوە بینی، کاتێک جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ ڕاگەیەنرا . وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داکۆکیکارێکی سەرەکییە لە ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، هەوڵەکانمان ئەوەیە هێز ببەخشین و تواناسازی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەین."

جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا دەڵێت: "پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ، یەکێکە لە هێڵە سەرەکییەکان، ئێمە پێمان وایە تواناسازیی ئافرەتان تەنها شتێکی بچووک نییە، بەڵکو بۆ پەرەپێدانی ئابووریش گرنگە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داکۆکی لەو بەرنامانە دەکات کە ئافرەتان و ئاوارەکان تێیدا بەشدارن، لەوانەش دەست ڕاگەیشتن بە خوێندن و چەندان دەرفەتی دیکە."

دەشڵێت: "ئێمە چەندان ڕاهێنانمان کردووە، لە بواری تواناسازیی کە ئافرەتان دەبەستێتەوە بە چەندان دامەزراوەی دیکە، لە هەرێمی کوردستان و دواتر ئەمەریکا و وڵاتانی تر."

ئاماژەی بەوەش دا "ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا چەندا بەرنامەی کردووە کە تێیدا چەندان هەزار ئافرەت بەشداربوون بۆ برەودان و تواناکانی ئافرەتان،  بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ڕێگری کردن لە توندوتیژی خێزانی،1.7 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە. هەروەها ئەمەریکا دەستی هەبووە لە دروستکردنی ڕێکخراو و دامەزراوەی حکوومەتی بۆ دارشتنی پلانی کارکردن."

گوتیشی: "ئەمەریکا داکۆکی لە مافەکانی کەمایەتیی و نەتەوە جیاوازەکان و ئایینە جیاوازەکان دەکات، پێی وایە کە ئەم پێکەوە ژیانە بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە."
پامێلا هاک ڕاشیگەیاند "لە ساڵی 2017وە ئەمەریکا 500 ملیۆن دۆلاری دابین کردووە بۆ پشتگیریی لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە شنگال و دەوروبەری نەینەوا، لەوانەش پێکهاتەی ئێزدییەکان و ئەوانی دیکە بوون بۆ پارێزگاریی لە کووڵتووری خۆیان."

لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەتی ساز کرد.