باخچەلی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مەنبج دەکات
باخچەلی: ئەسەد جگە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڕەشە لە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان."
باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە دۆخی کورد لە وڵاتەکەی و لە سووریا کرد و گوتی: "پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) جگە لەوەی ببێتە پارتێکی تورکیا هیچ بژرادە و ڕێگەیەکی دیکەی لەبەردەم نییە."
سەبارەت بە دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانیش گوتی: " سووریا خاک و موڵکی سوورییەکانە، بەڵام پارێزگای حەلەب زێدی تورکەکانە و تا سەر ئێسقان موسڵمانە، ئەمەش تەنیا قسەی ئێمە نییە، بەڵگەنامە مێژووییەکان و جوگرافیای ناوچەکە ئەو دەسەلمێنن کە ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای حەلەب شەکاوەتەوە، ئێستاش تەل ڕەفعەت پاککراوەتەوە و دوای ئەویش نۆرەی مەنبج دێت."
گوتیشی: "پەیوەندی و دیالۆگی بێمەرجی ئەسەد لەگەڵ تورکیا و ئامادەبوونی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان، سەرەتا لە بەرژەوەندی خۆیەتی و دواتر لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیەتی؛ هەربۆیە هیوادارین سووریا سەقامگیر بێت چونکە درێژترین سنوورمان بەیەکەوە هەیە."
باخچەلی جەختی ئاسایی کردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشق کرد و دەڵێت: "پێویستە پرۆسەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی تورکیا و سووریا زیندوو بکرێتەوە بەبێ ئەوەی لایەنی سێیەم هیچ کاریگەرییەکی تێکدەرانەی هەبێت، چونکە هیچ بژاردە و ڕێگەچارەیەکی دیکە لەبەردەم ئەسەد نییە، هەربۆیە ڕژێمی ئەسەد دەبێت بێتەوە هۆشی خۆی کە ناتوانێت پاشەکشە بکات یان هەر لە دۆخەیدا بمێنێتەوە."
هەروا لە بارەی دۆخی کورد ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی مەهەپە گوتی: "ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات هیچ پەیوەندییەکی بە برا کوردەکانەوە نییە، بەڵام مانەوە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی جوداخواز قەدەغەیە و پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیا و دەم پارتیش تەنیا ڕێگەیەکی لەبەردەمە، ئەویش بوونە بە پارتێکی تورکیا، ئەگەر تیرۆریستیانی چەکدار و جوداخوازەکان لە هیچ شوێنێک پارێزراو نابن یەک بە یەک لە ناو دەبرێن."
لە دوای هێرشی چەکدارانی تەحریرولشام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵکردنی پارێزگای حەلەب و شارۆچکەی تەل ڕەفغەت و گوندەکانی دەوروبەری، مەترسی فراوانتربوونی بەرەی شەڕ دەکرێت و بەهۆیەوە تاوەکوو ئێستا بە دەیان هەزار خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون.