نەجات عەلی: بەردەوامین لە یەکخستنەوەی هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە

نەجات عەلی، بەرپرسی هێزەکانی 80 لە وەزارەتی پێشمەرگە
نەجات عەلی، بەرپرسی هێزەکانی 80 لە وەزارەتی پێشمەرگە

بەرپرسی هێزەکانی 80 لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت: بەردەوامین لە گواستنەوەی هێزەکانمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات توانیومانە دوو فیرقە لە هێزەکانمان دروست بکەین و بیخەیەنەوە سەر وەزارەتەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی خوولی 16ـەمین دەرچووانی هێزەکانی 80ـی وەزارەتی پێشمەرگە لە بنکەی مەشقی هەولێر بەڕێوە چوو.

نەجات عەلی، بەرپرسی هێزەکانی 80 لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ڕایگەیاند: ئەم پۆلە پێشمەرگەیە لە سێ مانگدا باشترین ڕاهێنانی سەربازیی و پەروەردەی سەربازیان پێ دراوە.

بەرپرسی هێزەکانی 80، ئاماژەی بەوە دا، پێشمەرگە تێکشکێنەری ئەفسانەی داعش بووە، لە کاتێکدا بە سادەترین چەک ڕووبەڕووی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە بووەتەوە.

ناوبراو لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گوتی: بە هاوکاریی هاوپەیمانان، بەردەوامین لە یەکخستنەوەی هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات توانیومانە دوو فیرقە لە هێزەکانمان دروست بکەین و بیخەیەنەوە سەر وەزارەتەکە.

جەختی لەوەش کردەوە، بۆ یەکەم جار پرۆسەی بە دامەزراوەییکردن و یەکخستنەوە و بە نیزامیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی دەستی پێکرد. گوتیشی: لە پلانماندایە لە ساڵی نوێ بەردەوام بین لە ڕێکخستنەوەی هێزەکانمان و هەوڵیش دەدەین پرۆسەکە خێراتر بکەین.