سوودانی: ڕێگە بە کۆنتڕۆڵکردنی سووریا لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە نادەین

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆک کۆماری تورکیای ڕاگەیاند: ڕووداوەکانی سووریا لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و عێراق وەک تەماشاکاری دۆخی سووریا نامێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریایان تاوتوێ کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: پێشتر تیرۆر کاریگەریی مەترسیداری لەسەر عێراق هەبوو و زیانی زۆری بە وڵاتەکە گەیاندووە، هەروەها ڕووداوەکانی سووریا لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، عێراق پارێزگاری لە ئاسایشی خۆی و سووریاش دەکات. دڵنیایشی دا، کە عێراق وەک تەماشاکاری دۆخی سووریا نامێنێتەوە.

ناوبراو گوتیشی: ڕێگە بە کۆنتڕۆڵکردنی سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە نادەین.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت: ده‌بێت ڕژێمی سووریا به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌ی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخه‌ بگرێت.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا، جه‌ختی له‌ سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی و سه‌قامگیریی سووریا كرده‌وه‌ و ڕاشیگه‌یاندووه‌، ئه‌نقه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت.

ئەردۆغان به‌ سوودانی گوتووه‌، توركیا هه‌موو ڕێكار و ڕێوێشوێنێك ده‌گرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌م پێشهات و ئاڵۆزی و ململانێیانه‌ی سووریا ده‌رفه‌ت وه‌رنه‌گرێت.