عەباس عراقچی: ئێران بیر لە ناردنی هێز بۆ سووریا دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر سووریا داوا بکات ئەوا تاران ئامادەیە هێز بۆ وڵاتەکە بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، "ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی گەشت بۆ مۆسکۆ بکەین تا لەوێدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی سووریا لەگەڵ ڕووسەکان بکەین".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، تاران بیر لە ناردنی هێز بۆ سووریا دەکاتەوە، هەڵبەتە ئەگەر دیمەشق داوای بکات.
پاشنیوەڕۆی هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو پارێزگای حەلەب و لەگەڵ سوپای سووریا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کرد.