چەند فەرمانبەرێکی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی حاجیاوا دەستگیرکران
پەیامنێری کوردستان24 لە ڕاپەڕین ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی زانیاری هەڵەیان داوە بە دادگا ، بەبڕیاری دادوەری دادگای حاجیاوا دوو فەرمانبەری بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی حاجیاوا دەستگیرکران و سێی دیکەش ماون دەستگیر بکرێن.
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە ڕاپەڕین ڕایگەیاند، بەبڕیاری دادوەری دادگای حاجیاوا، لەبەر ئەوەی زانیاری هەڵەیان داوە بە دادگا، دوو فەرمانبەری بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی حاجیاوا دەستگیرکران، سێی دیکەش ماون دەستگیر بکرێن.
ئاراس ئەمینی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018 تایبەتە بە لابردنی هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی دەکرێت لەسەر موڵکی گشتی، دەڵێت: ماوەیەک لەمەوبەر لە یەکێ لە گەڕەکەکانی حاجیاوا باخچەیەکی سەوزایی هەبووە، دانیشتووانی گەڕەکەکە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر باخچەکە، بڕیاری سەرۆکایەتی ناحیە و سەرۆکایەتی شارەوانی و دادگای حاجیاوا هەبووە ئەو ماڵانەی لەو گەڕەکە هەن و زیادەڕۆییان کردووەتە سەر باخچەکە، زیادەڕۆییەکانیان لابەرن، لێژنەیەکی تایبەتمەند لە بەشی زیادەڕۆیی سەرۆکایەتی شارەوانی حاجیاوا پێکهاتووە بۆ ئەوەی بچن ئەو ماڵانە ئاگەدار بکەنەوە زیادەڕۆییەکانیان لابەرن، پاش ئەوەی ماڵەکان زیادەڕۆییەکانیان لادەبەن لەسەر باخچەکە، لێژنەکە دەچێتەوە گەڕەکەکە و کۆنووسی خۆیان دەنووسن بۆ دادگا و سەرۆکایەتی شارەوانی حاجیاوا بەرزی دەکەنەوە کە ئەو ماڵانەی زیادەڕۆییەکانیان کردووە لەسەر باخچەکە، زیادەڕۆییەکانیان لاداوە.
دەشڵێت: دوای ماوەیەک یەک لە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکە دەچێتە دادگا و سکاڵا دەکات لەوەی هەموویان لەو گەڕەکە زیادەڕۆییەکانیان لاداوە تەنها ماڵێک نەبێت، بۆیە دادگا جارێکی دیکە لێژنە پێک دەهێنێتەوە، ئاخۆ ئەو کۆنووسەی بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتی شارەوانی حاجیاوا بۆ دادگا نووسراوە و بەرزکراوەتەوە ئایا زانیارییەکانی دروستە یاخود نا، دەردەکەوێت چاوپۆشی لە هاووڵاتییەکی گەڕەکەکە کراوە بۆیە زیادەڕۆییەکەی لانەبردووە، لەسەر ئەو کەیسە، رۆژی ڕابردوو سەرۆکایەتی دادگای حاجیاوا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پێنج کەس دەرکردووە کە چوار کەس لە لێژنەکە و سەرۆکی بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتی شارەوانی حاجیاوا، لەو پێنج کەسە دووانیان دەستگیر کراون، دووی دیکەیان دەستگیر نەکراون، کەسێکی دیکەش دەگوترێت کارمەندێکی بەشی یاساییە کۆنووسەکەی ئیمزا نەکردووە، بۆیە بەپێی ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە پێدانی هەواڵ یاخود زانیاریی بە دام و دەزگاکانی حکوومەت، دوو کەس دەستگیر کران و سێ دیکەش تا ئێستا دەستگیر نەکراون.