لیژنەی دارایی پەرلەمان دەربارەی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆ بووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-12-2024، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی عەتوان عەتوانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەمواری بودجەی گشتی بۆساڵەکانی 2023-2024-2025، کۆ بووەوە. 

عەتوان عەتوانی بە جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکانی لێژنەکە بۆ هەموارکردنەوەی بڕگەکانی بودجەی پەیوەست بە تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی دەست پێ کرد.

هەروەها جەختی لە گرنگی دانانی بڕگە کارپێکراوەکان و پابەندکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنیان کردەوە، ئاماژەی بە پێویستی وەرگرتنی ڕوونکردنەوە لە وەزارەتی دارایی سەبارەت بە میکانیزمی داراییکردنی بڕە پارەکان و تەرخانکردنی دارایی کرد.

لێژنەکە تاوتوێی ڕاپۆرتی ڕەشنووسی یاسای هەمواری دووەمی بودجەی کرد، بە پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی سەرنجەکانی ئەندامانی لێژنەی دارایی، کە تیایدا گفتوگۆی ورد لەسەر چۆنیەتی هەژمارکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و تەرخانکردن و گرێبەستەکان کرا.

لێژنەی دارایی بڕیاریدا میوانداری وەزارەتی دارایی بکات، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەموارکردنەوەی یاساکە.

لە لایەکی دیکەوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕاپۆرتی لیژنەکە کرا، سەبارەت بە میوانداریکردنی وەزارەتی نەوت و ئەو ئەنجامانەی لەم دیدارەدا وەرگیراون.