کوردانی حەلەب بە لێشاو ئاوارەی ڕەققە بوون

ئاوارەیی کوردانی حەلەب
ئاوارەیی کوردانی حەلەب

 هەزاران هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی پارێزگای حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری، دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکان، ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونە و بەشێکی زۆریان گەیشتوونەتە سنووری شاری ڕەققە.

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاوی کردووتەوە "دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر پارێزگای حەلەب و کۆنترۆڵکردنی، کوردەکانی ڕۆژئاوا بە لێشاو لە شاری تەل ڕەفعەت لە باکووری پارێزگای حەلەب ئاوارە بوون و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە."

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دوای کشانەوەیان لە تەل ڕەفعەت و چەند ناوچەیەکی دیکە، داوایان کردووە ڕێڕەوێکی مرۆیی بکرێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کورد بتوانن بەرەو ناوچە ئارامەکان دەرباز بن، چونکە کاروانی ئاوارەیی کوردانی حەلەب بەردەوامە.

ئاوارەیەکی تەل ڕفعەت، بە ناوی خەلیل ئەحمەد تەمەن 56 ساڵ دەڵێت :"هەندێک خێزانی کورد کە لە ساڵی 2018 لە شاری عەفرین بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ئاوارەی حەلەب بوون، ئێستا جارێکی بەهۆی هێرشی هەمان گرووپەکان ئاوارە بوونەتەوە."

ئاوارەیەکی دیکە بە ناوی وەلید حەسۆی تەمەن 60 ساڵ دەڵێت: "ئەمە دووەم جارە ئاوارە دەبین، ئەمە دووەم جارە بەهۆی تۆپخانە و فڕۆکەکانی تورکیا و چەتەکانی ئەوان هەڵدێین کە خۆیان بە مرۆڤ دەزانن، بەڵام دان بە مرۆڤایەتیدا نادەن و منداڵ و ژن و بەساڵاچووان ناناسن و دەیانکوژن."

هەر لە بارەی ژمارەی ئاوارەکانی حەلەب، شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارەکان و پەنابەران لە کۆمیسیۆنی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری سەر بە بەڕێوبەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە ئەسیۆشێیتد پرێسی ڕاگەیاندوە "زیاتر لە 20 هەزار خێزانی ئاوارەی حەلەبیان تۆمار کردووە."

دەشڵێت :" گرووپە چەکدارەکان لە هەفتەی ڕابردووەوە زۆربەی ناوچەکانی حەلەبیان کۆنترۆڵکردووە کە دووەم گەورەترین پارێزگای سووریایە و ئێستا دەستیان گرتووە بە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و شوێنەکانی خۆیان لە ناوەندی شارەکە و دەوروبەری توندوتۆڵکردووە".

بە گوتەی چالاکوانان و بەشێک لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ڕووبەڕووی بەرگرییەکی کەمی سوپای ڕژێمی سووریا بوونەتەوە.