عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ لوبنان دەست پێ دەکاتەوە

هێلی فڕۆکەوانی عێراق
هێلی فڕۆکەوانی عێراق

 عێراق دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ لوبنان دەکاتەوە، سەرباریی ئەوەی جارێکی دیکە بۆردوومانەکانی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەستی پێ کردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگر بەست کراوە.

چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێلی فڕۆکەوانی عێراقی بڵاوی کردەوە، دەستی بە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و لوبنان کردووەتەوە کە لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024 و سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل لە باشووری لوبنان گەشتەکان وەستێندرا.

ڕەزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق ڕۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو گەشتی ئاسمانی نێوانی عێراق و لوبنان دەست پێ دەكەنەوە، گوتیشی: "هەفتانە حەوت گەشت لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف بەرەو لوبنان و فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیرووتی دەکرێن." لەگەڵ ئەوەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنان چەند ڕۆژێك دۆخی لوبنانی بەرەو ئاسیبوونەوە برد، بەڵام تا ئێستا هێرشەكان لە نێوان هەردوولا بەتەواوی نەوەستاون.

وەزیری گواستنەوەی عێراو ئاشکرای کرد، لەگەڵ لایەنی لوبنانی و کۆمپانیاکانی دڵنیایی تایبەت بە وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و لوبنان گفتوگۆ کراوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراقیش پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ چالاککردنی ئەو هێڵە گرنگەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، لەگەڵ میکانیزمەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییانی لوبنانی لەڕێگەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لە عێراقەوە بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان لەو بارودۆخەی کە لوبنان ئێستا پێی تێپەڕ دەبێت.