ئاسایشی هەولێر دەرمانخانەیەک بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر دادەخات
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دەرمانخانەیەکمان بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر داخست و دوو تۆمەتباریشمان دەستگیر کرد.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "دوای بەدواداچوون لە لایەن تیمەکانمانەوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ لێژنەی کوالێتیکۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەرمانخانەیەکمان داخست و دوو تۆمەتباریشمان دەستگیر کرد."
بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بەوە دا "تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (أ ، م ، ب ) و(أ ، ع ، أ) بوون، کە یەکێکیان یاریدەری پزیشکی دەرمانخانەکەیە."
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "تۆمەتبارانی ناوبراو، بەبێ پسولەی پزیشک، بازرگانییان بە دەرمانی هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان کردووە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "تۆمەتباران دەرمانی هۆشبەریان بەو کەسانە فرۆشتووە کە ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، جەختی لەوەش کردەوە "لە کاتی پشکنینی دەرمانخانەکەدا، دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر دەرمانی قاچاخ و ڕێگەپێنەدراوی تەندروستیی هەیە و دەستیان بەسەردا گیرا."