بێرنی ساندەرز لە ڕێگریی پێدانی چەک بە ئیسرائیل شکستی هێنا
سیناتۆری چەپ و سەربەخۆی ئەمەریکا، بێرنی ساندەرز، لە ڕێگریی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل، شکستی هێنا.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، سیناتۆری چەپ و سەربەخۆی ئەمەریکا، بێرنی ساندەرز، داوایەکی پێشکەشی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کرد بۆ ڕێگریی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کاروانێکی دیکەی چەک بۆ ئیسرائیل بە بەهای 20 ملیار دۆلار بنرێت، بەڵام لە هەوڵەکەی شکستی هێنا.
ئەو سیناتۆرە سەربەخۆیەی ئەمەریکا، لەبەردەم ئەنجوومەنی پیراندا، سەرکۆنەی هێرشە فراوانەکانی ئیسرائیلی کرد کە بەسەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهو دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی فەڵەستین، سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدنیشی تۆمەتبار کرد بەوەی دەستی هەیە لەو تاوانانەی لە کەرتی غەززە دەکرێن.
ساندەرز، ئاماژەی بەوە کرد، ملیۆنان کەس لە کەرتی غەززە لە هەژاریەکی زۆر سەختدا دەژین، لەگەڵ ئەوانەش کە لە ماڵەکانیان دەرکراون، سەرباری ئەو هەزاران منداڵەی ڕۆژانە، بەدەست برسییەتی و نەبوونی خۆراکەوە گیرۆدەن، دەشڵێت: "وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستی هەیە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەکە هەن." گوتیشی: "ئێمە هاوکاریی و پشتیوانیی ئەو ئابڕوچوونانە دەکەین کە دەبێت بووەستێندرێت." هەندێ لە هاوڕێکانیشی لە ئەنجوومەنی پیران نیگەرانیی خۆیان نیشان دا بەرامبەر لێدوانەکانی ساندەرز.