کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ شەممە دواخرا
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1733314394_kurdistan24.jpg)
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواری پرۆژەیاسای بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژی شەممە دواخرا.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵی عێراق، کە بەگوێرەی ڕێکەوتنی هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەموارەکەش لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و داهاتی گشتیی عێراق زیاتر بکرێت و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکەن، بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە و سوننە ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، هەر بۆیە ئەم بڕگەیە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لادرا و ئەمەش وایکرد فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بایکۆتی کۆبوونەوە بکەن و کۆبوونەوە پەرلەمان بۆ شەممە دواخرا.
بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2024، بڕیاربوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لە ماددەی 13 بڕگەی جیم بکات، کە پەیوەستە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، دەنگدانە لەسەر دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی، هەروەها دەنگدان لەسەر هەمواری یەکەمی پرۆژەیاسای پاسپۆرت. بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، بەڵام دوای بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن فراکستۆنە کوردستانییەکان، کۆبوونەوەی پەرلەمان نەیتوانی ڕێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکە تەواو بکات.