ڤیان سەبری: فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمانمان کرد

ڤیان سەبری
ڤیان سەبری

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەبەر ئەوەی داوای دواخستنی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەموواری بوودجە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کرا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە، بایکۆتی کۆبوونەوەکەمان کرد.

پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پەرلەمانی عێراق بڕیاربوو بە گوێرەی کارنامەکانی خۆی، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لە ماددەی 13  بڕگەی جیم بکات، کە پەیوەستە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بە داوایەکی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە سەرۆکی پەرلەمان، ئەو بڕگەیە لە کارنەمای کۆبوونەوەکە لا درا، بەرامبەر ئەو هەڵوێستەش، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان کرد و نەیانهێشت ڕێژەی یاسایی تەواو بێت بۆ بەڕێوەچوونی، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ شەممە دواخرا.

دوێنی چوارشەممە، 04-12-2024، سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، لەسەر داوای خۆی و بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەمواریی بەندی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە چووە  پەلەمانی عێراق و بەشداریی کۆبوونەوەیەکی داخراوی کرد.