هەولێر.. ژمارەیەک پاڵاوگە بەهۆی پابەنەبوونیان بە ڕێنماییەکان داخران
ئاسایشی هەولێر بە هەماهەنگی لێژنەکانی قایمقامییەت، پارێزگا، دەستەی ژینگە و پۆلیسی هەولێر، هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاری ژمارەیەک پاڵاوگەی نزیک شاری هەولێر، هاوکات ئەو پاڵاوگانەشی کە پابەندیی ڕێنماییەکان نەبوونە داخران و خاونەکانیان دەستگیر کران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاسایشی هەولێر بە هەماهەنگی لێژنەکانی قایمقامییەت، پارێزگا، دەستەی ژینگە و پۆلیسی هەولێر، 44 پاڵاوگەیان لە نزیک هەولێر بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ کارەکانیان کرد، ئەمە جگە لەوەی چەند جارێک خاوەنی پاڵاوگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە پابەندی ڕێنماییەکان بن، بۆیە ئەمڕۆ ئەو پاڵاوگانەی پابەند نەبوونە داخران و خاوەنەکانیان دەستگیر کران.
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەستان بە هەڵمەتێک دەست پێکرد و لە نزیکەوە چاودێری کاری ژمارەیەک پاڵاوگەیان کرد، ژمارەیەک لەوانە بە خۆشحاڵییەوە پابەندی ڕێنماییە ژینگەیەکان ببوون و کێشەیان نەبوو، بەڵام ئەوانەی پابەند نەبووبوون هەم داخران، هەم خاوەنەکانیان دەستگیر کران.
جەختی لەوەش کردەوە، لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبن تا سەرجەم پاڵاوگەکان پابەند بکەن بە ڕێنماییە ژینگەییەکان. گوتیشی: بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە ناحیەی قوشتەپە نزیکەی 13 پاڵاوگە هەنە و گشتیان کۆنترۆڵ کراون و پابەندن بە ڕێنماییەکان و پاڵاوگەکانی گوێڕیش کۆنترۆڵ دەکەین.
لای خۆیەوە ئەردەلان فاتیح، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر، گوتی: ئەو پاڵاوگانەی کە ئەمڕۆ لە ناحیەی گوێڕ بەسەر کرانەوە پێشتر هەندێکیان ئاگادار کرابوونەوە کە لەنێو خۆیان پاڵاوگەی دووەمیان هەیە و پێویستە نەیهێڵن، کە گازوایلی کوالێتی نزمیان بەرهەم دەهێنا و زیانی بە ژینگە دەگەیاند، بۆیە لە هەڵمەتەکەمان کە ئەنجاممان دا ئەو پاڵاوگانەی کە پابەندنەبووبوون دامانخستن و خاوەنەکانیانمان دەستگیر کرد.