ئەردۆغان داوا لە ئەسەد دەکات چارەسەری بەپەلەی قەیرانی سووریا بکات
![رەجەب تەیب ئەردۆغان](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1729607384_kurdistan24.jpg)
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەۆک کۆماری تورکیا داوا لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دەکات بەپەلە چارەیەکی قەیرانی سووریا بکات.
پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024،سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە، قۆناغێکی نوێ لە سووریا هاتووەتە پێشەوە، پێویستە حکوومەتی سووریا لەگەڵ گەلەکەی بگەنە ڕێککەوتن بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی سیاسی گشتگیر، ئەو گوتانەی ئەردۆغانیش دوای کەوتنی چوارەم گەورەترین پارێزگاکانی سووریا حەما، لەسەر دەستی چەکدارانی بەرەی تەحریر شام هات.
چوارشەممەی ڕابردوو، 04-12-2024، ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە میانی بەشداریی لە بووڵتەنی کاتژمێر 01:00ـی کوردستان24؛ ئاماژەی بەوە دا "ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، لە حەلەب تاوانی جەنگیان بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کورد ئەنجام داوە"." گوتیشی، "ئەو گرووپانە هاووڵاتییانی کورد ناچار دەکەن ئاوارەی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی تورکیا ببن بۆ ئەوەی بڵێن بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە.
پاشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو، 29ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو پارێزگای حەلەب و لەگەڵ سوپای سووریا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کرد.