دادگەی نەوجەوانانی هەولێر بە شێوەیەکی ئۆنلاین دادگەیی تۆمەتباران دەکات
بە هەماهەنگیی ڕێکخراوی یونسێف، ئەنجوومەنی دادوەریی و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا، بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان، دادگەی نەوجەوانانی هەولێر بە شێوەیەکی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی دادگەییی تۆمەتباران دەکات.
حاکم نادر هەرکی، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەستکرا بە پرۆسەی ئۆنلاینکردنی داگەییکردنی تۆمەتباری نەوجەوان، کە هەر لە شوێنێ مانەوەی نەوجەوان دادگەییکردنەکە بەڕێوە دەچێت، ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگ و پێویستە لە سەرجەم دادگەکانی دیکە هەبێت.
بە هەماهەنگیی ڕێکخراوی یونسێف و ئەنجوومەنی دادوەری و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان، دادگەی نەوجەوانانی هەولێر بە شێوەیەکی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی دادگەیی تۆمەتباران دەکات، پێشتر تۆمەتبار ئەگەر چی تەمەنێکی بچووکیشی هەبووایە دەبوو لە دادگە ئامادە بێت، بەڵام ئێستا تۆمەتباری نەوجەوان بەهۆی سیستەمێکی ئینتەرنێتی ئۆنلاین لە ڕێگەی کامێرا لەبەردەم دادوەران ئامادە دەبێت.
یەکێک لە گرنگی ئەم سیستەمە ئەوەیە نەوجەوان بە ئازادانە قسەی خۆی دەکات و هیچ گوشارێکی لێ ناکرێت و تێچووی هاتن و چوون و درەنگکەوتنی بۆ دادگە لەسەر حکوومەت نامێنێت، ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە ئەو کەیسانە ناگرێتەوە کە زۆر مەترسیدان، هەروەها بریارە لە داهاتوودا دادگەی نەوجەوانانی سلێمانی و دهۆکیش بکرێن بە هەمان سیستەمی ئۆنلاین.